هەڵەبجە24
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، لە بودجەی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی کۆمار، بودجەیەکی تایبەت بۆ پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و دابینکردنی ئەو شتانەی پێویستن تەرخان دەکات، داواش دەکات وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتووکاڵ و پیشەسازیی پارێزگاکەدا فراوانتر بکرێت.
دوێنێ دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای لەسەر نایاساییبوونی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ڕەتکردەوە، بەوەش هیچ بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەما و ئێستا بە فەرمی و بەبێ هیچ ئاستەنگییەکی یاسایی 19هەمین پارێزگای عێراقە.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ماوەیەکی زۆری ویست کە پێویست نەبوو ئەو ماوەیە بخایێنێت، بەڵام ڕێکارە یاسایی و سیاسییەکانی ئەو بابەتە لە عێراق کاتی ویست و ئێستا هەموو بەربەستەکان لابراون، بۆیەش کاتی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هەڵەبجەیە.
وتیشی، بەنیازە لە بودجەی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی کۆماردا پارە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەڵەبجە دابین بکات، جەختیشیکردەوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کاردەکات بۆ زیاتر خزمەتکردنی پارێزگاکە کە خەڵکەکەی لە زۆر بواردا بێ بەشبوون، هاوکات داواشیکرد وەبەرهێنانی فراوان لە کەرتەکانی کشتووکاڵ و پیشەسازی لە پارێزگاکەدا دەستپێبکرێت.
14 بینین