هێڵی ئاسمانیی تورکیا هەفتانە چوار گەشت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام دەدات
بەشی پەیوەندیە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایدەگەیێنێت کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا، هەفتانە ئەو هێڵە چوار گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەبێت. یەکەم گەشتیش لە ئیستانبوڵەوە بەرەو سلێمانی دەبێت.
کاراکردنی سیستمی فرۆشتنی تکت
ڕۆژی 15ی ئەم مانگە، هێڵی ئاسمانیی توركیش ئێرلاین سیستمی فرۆشتنی تکتی گەشتی ئاسمانیی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کارا کرد. لەهەمان ڕۆژدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێکدا دووپاتی کردەوە کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیا ئاگادارینامەی (NOTAM) لە سایتی جیهانی بڵاوکردنەوەی ئاگادارینامە ئەلیکترۆنییەکانی لابرد، بەواتای ئەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاسایی کردەوە.
خشتەی فڕینەکان و دەستپێکردنەوە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کە ئەمڕۆ هەینی 17ی ئۆکتۆبەر بڵاویکردووەتەوە، هێڵی ئاسمانیی توركیش ئێرلاین خشتەی گەشتەکانی خۆی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ناردووە و تێیدا دەردەکەوێت کە ڕۆژی 3ی 11ی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان (ئیستەنبوڵ - سلێمانی - ئیستەنبوڵ) دەبێت و هەفتانە بە چوار گەشت دەستپێدەکەنەوە.
پاشخانی ڕاگرتنی گەشتەکان
تورکیا لە ڕۆژی 3ی نیسانی 2023 بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەموو فڕۆکەخانەکانی تورکیای دەرکرد. ماوەی زیاتر لە 31 مانگە هیچ گەشتێک لە نێوان سلێمانی و تورکیا ئەنجام نەدراوە.
سەردانی سەرۆکی هەرێم و فەرمانی ئەردۆغان
دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لەو کۆبوونەوەیەدا فەرمانی دا گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ سلێمانی دەست پێبکەنەوە.