نزیکەی 300 ماتۆڕسکیلی دەستبەسەرداگیراو لە هەڵەبجە لەناودەبرێن
ئەو ماتۆڕسکیلانەی لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایشی شارەزوور لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستیان بەسەرداگیراوە، بە ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ پاندەکرێنەوە و بە ئاسن دەفرۆشرێن.
ڕێکاری تووند بەرامبەر ماتۆڕسکیلی نایاسایی
دوای زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سکاڵای هاووڵاتیان، پۆلیس و ئاسایش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕێکاری تووندیان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتەبەر کە ماتۆڕسکیلی بێ مۆڵەت لێدەخوڕن و هاووڵاتییان بێزار دەکەن. لە ماوەی ڕابردوو مەفرەزەکان دەستیان بەسەر 285 ماتۆڕسکیلدا گرتووە، بەهۆی ئەوەی تابلۆیان نییە و نایاسایین خاوەنەکانیان ناتوانن وەریبگرنەوە، بۆیە لەناو دەبرێن و بە زیادکردنی ئاشکرا بە ئاسن دەفرۆشرێن.
فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لەناوبردن
عەقید عەتا بەهرام، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیاند: دەستبەسەرداگرتنی ئەم ماتۆڕسکیلانە لەلایەن مەفرەزەکانی ئاسایش و پۆلیس دوای زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دێت، لەسەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ماتۆڕەکان پاندەکەینەوە و بەشێوەی ئاسن دەیانفرۆشین.
وردەکارییەکانی زیادکردنی ئاشکرا
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە گوتیشی: هەموو هاووڵاتیان و بەڵێندەران ئاگاداردەکەینەوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا هەڵدەستین بە پانکردنەوە و وورد کردنی کۆمەڵێک ماتۆڕسکیلی دەست بەسەرداگیراو پاشان فرۆشتنیان بە شێوەی ئاسن. هەرکەس ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
زیادکردنەکە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 27ی 4ی 2025 کاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆ لە بینای بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت.
200 ماتۆڕسکیلی دیکە چاوەڕوانی لەناوبردنن
جگە لەو ژمارە ماتۆڕسکیلە کە بڕیارە لەناو ببرێن، نزیکەی 200 ماتۆڕسکیلی دیکەش دەستی بەسەرداگیراوە، هاتووچۆی هەڵەبجە چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ لەناوبردنی ئەوانیش. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی هاتووچۆ لە پارێزگای هەڵەبجە.